هەڵە پزیشکییەکان و قوربانیبوونی ژنە مامۆستایەکی قوتابخانە

14:09 - 21 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە، ژنێکی دووگیان، پاش دوو جار نەشتەرگەری گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٩ی گەلاوێژ، ژنێکی دووگیان لە کاتی ژانگرتندا، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕازیی شاری بانە دەکرێت و پاش دوو جار نەشتەگەری، ئەو ژنە گیانی لە دەست دەدات.

شوناسی ئەو ژنە کوردە بە ناوی \"چیمەن. درخشانی\"، تەمەن ٣٨ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆرپەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە گیانی لە دەست دابوو و ئەو ژنە دووگیانەش لەو بابەتە زانیاری نەبووە و دوای وەرگرتن لە نەخۆشخانە، دوو جاریش نەشتەرگەری کراوە که بێئاکام بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ژنە مامۆستا کوردە، بە هۆی بوونی کۆرپەلەی مردوو لە نێو زکی دووجار نەشتەرگەری بۆ کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی گیانی لە دەستدانی.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ڕابردوو، ٢٠ی گەلاوێژ، لە نەخۆشخانە ڕازیی بانە گیانی لە دەست داوە.

پێشتریش، بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ئێران، باسی لە بەرزبوونەوەی ٢١%ی مەحکوومیەتی پزیشکی لە ئێراندا کردووە و ڕایگەیاندووە: ئاماری \"هەڵەی پزیشکی\" لەو وڵاتە ڕووی لە بەرزبوونەوەیە.