هەڵەی پزیشکی گیانی کچێکی لاوی سەردەشتی ئەستاند

15:10 - 13 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: هەڵەی پزیشکی و ناشارەزایی یەکێک لە دوکتورەکانی نەخۆشخانەی شاری تەورێز، گیان لە دەستدانی کچێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی شاری سەردەشتی لێ کەوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١١ی جۆزەردان، \"ت. م\" تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی شاری سەردەشت، پاش دوو جار نەشتەگەریی لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کچە تەمەن ٣٠ ساڵە، کە بۆ نەشتەرگەریی سەردانی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای شاری تەورێزی کردبوو، پاش چەند ڕۆژ دواخستنی نەشتەرگەرییەکەی، لە لایەن یەکێک لە دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەری بۆ کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ڕۆژێک پاش نەشتەرگەریی \"ت. م\" بە شێوەی گوماناوی دووبارە بۆ ژووری نەشتەرگەری ڕەوانە کرا و پاش چەند ڕۆژ بێهوشیی درێژخایەن گیانی لە دەست دا.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو کچە، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پێڕنسول و دوکتور فیروز ساڵحپوور،هۆشدارییان بە بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە دابوو.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسییەی لە پێوەندی لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.