هەڵەی پزیشکی گیانی ژنێکی کوردی خەڵکی سەڵماسی ستاند

14:24 - 6 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری سەڵماس بە هۆی لێدرانی دەرزیی هەڵەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جورجیا ئەتمانی کچی فەتحوڵڵا و دانیشتوویی گوندی \"زۆڵا\"ی سەربە شاری سەڵماس بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە یەکێک لەناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو ژنە کوردە بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەڵماس راگوێزرابوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ پزیشکی نەخۆشخانە پاش ئەوەی بە هەڵە دەرزی لە جۆرجیا ئەتمانی دا، باری تەندروستیی ئەو ژنە تێکچوو، کە بەو هۆیەوە کەسوکاری داوای راگواستن بۆ نەخۆشخانەی ورمێ‌یان کردبوو، بەڵام لەلایەن پزیشکی چاوەدێرەوە دژایەتیی داواکەیان کرا.

دەگوترێت، ئەو ژنە پاش چەند کاتژمیر مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری سەڵماس و بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و تێکچوونی باری جەستەیی گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ساڵی رابردوودا ٤ ژن و کچی کورد بەهۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست داوە و ٣ ژنی دیکەش بەو هۆیەوە تووشی بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و کەمئەندامی بوونە.

خاوەن‌ڕایان لەو باوەڕەدان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکی و دەرمانی و کاڕی لە رادەبەدەری پزیشکان، و نەبوونی پسپۆڕی و لیزانی پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەلەی پزیشکی لە قەلەم ئەدرێن.