هەڵەی پزیشکی و درەنگ گەیشتنی ئامبوڵانس گیان لە دەستدانی ژنێکی دووگیانی لێ کەوتەوە

14:46 - 16 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دوو گیانی کورد خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ، بە هۆی هەڵەی پزیشکی و درەنگ گەیشتنی ئامبوڵانس گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی دووگیانی کورد بە ناوی \"گەلاوێژ عەلیپوور\" کچی نەجمەدین خەڵکی گوندی \"باوان\" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە هۆی کەمتەرخەمی و درەنگ گەیشتنی ئامبوڵانس گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەندی دەرمانی دزەی مەرگەوەڕ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هەڵەی پزیشکی دەرمانگەر لە کاتی گەیاندنی ئۆکسیژن بۆ ئەو ژنە دوو گیانە و درەنگ گەیشتنی ٣ کاتژمێری ئامبوڵانس، بوو بە هۆی گیان لە دەستدانی ئەو ژنە دوو گیانە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: گیان لە دەستدانی ئەو ژنە دوو گیانە کوردە، شەپۆلێک ناڕەزایەتی لە ناو خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی لێکەوتەوە.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ بەو هۆیەشەوە لە سەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.