هەڵەی پزیشکی و ئاواتی بە ئاکام نەگەیشتووی نەخۆشەکان

16:28 - 27 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: هەڵە پزیشکییەکان لەلایەن کادرە دەرمانییەکانی پارێزگا و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووەتە ئاهۆیەکی چارەسەر نەکراوە و ماوە ماوە شایەتی دووپات بوونەوەی کەمتەرخەمییە پزیشکیەکان و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی کورد دەبین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ئەوەیکە ژنێکی بۆکانی لەکاتی منداڵ بووندا سەردانی نەخۆشخانەی ئەو شارە دەکات، بە هۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکیی کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، یەکێک لە ڕیخۆڵەکانی دەبڕن و پاش چەند ڕۆژێک دوای منداڵ بوونەکەی، گیانی لەدەست دەدات.

\"\"شوناسی ئەو ژنە بۆکانییە بە ناوی زەینب قادری\"دڵنیا\" تەمەن ٢٣ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

دڵنیا پاش چوار ڕۆژ خەواندنی لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان، ناتوانێت لە ڕێگای سروشتی منداڵی ببێت، پزیشکەکان ناشتەرگەریی سزاریەنی بۆ دەکەن و لە هەمان کاتدا یەکێک لە ڕیخۆڵەکانی ئەو ژنە تەمەن ٢٣ ساڵەیە دەبڕن.

بە وتەی دایکی دڵنیا؛ \"پاش ئەوەیکە دڵنیا لە ژووری نەشتەرگەری، سزاریەنی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئاگادار بووم زکی دڵنیا بای کردوە و بۆنێکی ناخۆش لە جەستەی دڵنیاوە دێت و لە ئازاری ئیشی زکی دەناڵێت\".

دایکی دڵنیا لە درێژەدا دەڵێت؛ پاش ئەوەیکە بارودۆخی ناتەندروستی دڵنیام بە پزیشکەکان ڕاگەیاند، پەرستارانی بەشی منداڵ بوون بێ‌ئاگایی خۆیان دەربڕی و پزیشکەکەش دەڵێت، کچەکەت قەڵەوە و دەبێت زیاتر بجووڵێت.

بە وتەی باوکی دڵنیا، پاش سزاریەن، دلنیا سێ جاری دیکە نەشترەگەری بۆ دەکرێت و پاش ٩ ڕۆژ مانەوە لە \"ئای سی یوو\" بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خۆمینی شاری ورمێ دەگوازرێتەوە.

پزیشکەکان پاش سێ‌جار داواکردنی بنەماڵەی دڵنیا، ئیزنی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ دەدەن.

لەو پەیوەندییەدا، ئیدارەی بێهداشت و دەرمانی شاری بۆکان لەسەر ئەم بابەتە ڕاگەیەندراوێک لەسەر گیان لەدەستدانی دڵنیا بڵاو دەکاتەوە.

لەو ڕاگەیەنراوەیی وەزارەتی بێهداشتدا، باس لەوە کراوە کە ئەم خاتوونە پێش لە سزاریەن کردنی، ڕیخۆڵەکانی کێشەیان هەبووە و ‌تاوانی پزیشکەکەی ڕەت دەکەنەوە.

\"\"هەروەها، لەشاری بانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڵەی پزیشکی ژیانی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵانی بەناوی بەفرین مەحموودزادە خستووەتە مەترسیەوە و دوای ئەوەیکە بنەماڵەی ئەو کچە سکاڵایان دژ بە پزیشکەکەی تۆمار کردوە، ئەو پزیشکە بەناوی(ش-ع) خۆی شاردووەتەوە.

بەفرین بە هۆی چڵک کردنی ڕیخۆڵەی سەردانی نەخۆشخانەی شاری بانە دەکات، بەڵام دوکتورەکەی بە هەڵە نەشتەرگەریی ئاپاندیسی بۆ دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە ناوبراو هەر دوو گورچیلەی لەدەست بدات.

هەر لەو پەیوەندییەدا، منداڵێکی تەمەن ٧ مانگە لە شاری سنە بە هۆی هەڵەی پزشکی لە ناوەندی دەرمانیی ئەو پارێزگایە تووشی نەخۆشییەکی چارەسەر نەکراوە هاتووە و گۆج بووە.