هەڵەی پزیشکی لە مەریوان، گیانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵەی ستاند+وێنــه

18:37 - 19 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان، ئەمجارەیان گیانی کچێکی تەمەن ١٣ ساڵەی کوردی ستاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سنوور دژهیمەت، تەمەن ١٣ ساڵ، کچی رەشید و دانیشتووی شاری مەریوان، کە دوو ساڵ پێش ئێستا تووشی هەڵامەت (سرماخوردگی) ببوو، بەهۆی لێدرانی دەرزیی (پنیسیلین)، زۆربەی ئەندامانی لەشی لەکار کەوتبوون و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

باوکی سنوور دژهیمەت لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەی \"شهروند(هاووڵاتی)\" راگەیاندووە، دوو ساڵ پێش کە سنووری کچم تووشی هەڵامەت هاتبوو، بردمە نەخۆشخانەی بووعەلی، کە پزیشک دەرزیی پنیسیلینی بۆ نووسی و پاش ئەوەی دەرزییەکانمان لە دارووخانە بۆ کڕی، لە نەخۆشخانەی بووعەلی و بەبێ تاقیکردنەوە دەرزییەکەیان لە سنوور دا.

\"22610.jpg\"
سنوور دژهیمەت
رەشید دژهیمەت گوتووشیەتی، پاش ١٠ خولەک لە لێدرانی دەرزییەکە، کچەکەم لە ماڵەوە بێهۆش کەوت و بردمەوە بۆ نەخۆشخانە و لە بەشی (ئای‌سی‌یوو) خرایە ژێر چاوەدێرییەوەو پاش ماوەیەکی کورتیش دەرکەوت کە تووشی خوێنڕێژیی مێشک بووە.

باوکی سنوور باسی لەوەش کردووە، کە پاش چوار رۆژ کچەکەیان بردۆتە نەخۆشخانەیەک لە شاری هەمەدان و لەوێش بەهۆی ئاسەواری ئەو دەرزییەوە کە لە نەخۆشخانەی مەریوان لێی درابوو، گورچیلەکانی لەدەست دا.

رەشید دژهیمەت، بەهۆی دەستکورتییەوە و بۆ دابینکردنی تێچووی دەواودەرمان و نەشتەرگەریی کچەکەی، خانوەکەشی فرۆشتووە.

باوکی سنووری تەمەن ١٣ ساڵ، سکاڵای لەسەر پزیشک و پێرسونێلی نەخۆشخانەی بووعەلی و بەڕێوەبەری دەرمانخانەی مەریوان تۆمار کردووە، کە بە وتەی خۆی \"دەبێ بۆ مەرگی کچە تەمەن ١٣ ساڵەکەی وڵامدەر بن\".

پێشتریش کچێکی تەمەن ٤ ساڵەی خەڵکی گوندی کەڵەکانی سەربە شاری دیواندەرە، بەناوی شۆخان براخاسی بەهۆی لێدرانی دەرزیی (پنیسیلین)ـەوە چاوەکانی لەدەست دابوو.

ساڵی رابردووش، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی ئەمجەد ئەمجەدی بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی و کەمتەرخەمیی پزیشک و هەروەها ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەهۆی لێدرانی خوێنی ماوە بەسەرچوو لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان، گیانیان لەدەست دابوو.

دوابەدوای ئەو رووداوانە، ئومید کەریمیان نوێنەری مەجلیس لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا، بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندبوو، \"کێشەی کادری پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی شاری مەریوان شتێکی تازە نییە و ئەم رووداوانە ماوەی چەندین ساڵە دووپات دەبنەوە\".