هەڵەی پزیشکی لە شاری تاران گیانی هاووڵاتییەکی کوردی ئەستاند

13:34 - 9 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی هەڵە پزیشکییەکان لە ئێران و کوردستان، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٥٥ ساڵ، بوو بە قوربانی هەڵەی پزیشکی لە پێتەختی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی\"دەرەهەجیج\"ی شاری پاوە و دانیشتووی شاری مەریوان، بە ناوی \"عەبدولقادر فەتاحی\"، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران بوو بە قوربانی کەمتەرخەمی پزیشکی و گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش نەشتەرگەری شێرپەنجەی \"گەدە\" ،باری تەندروستی باش بووە و پاش سەردانی یەکێک لە کادرە دەرمانییەکان، لەمەڕ ئاگادار بوون لە دوخی تەندروستیی، بە لێدانی دەرزییەک دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە،بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، سکاڵایان لە دژی ئەو دوکتورە تۆمار کردووە کە بە هەڵە دەرزی لەو هاووڵاتییە داوە و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی.

بەپێی دوایین زانیارییەکان هەتا ئێستا تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نەخۆشخانەدایە.

خاوەن‌ڕایان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکیی و دەرمانی و کاری لەڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لەقەڵەم دەدەن.

بەپێی یاسا، ئەگەر کەمتەرخەمیی دوکتور ببێتە هۆی زیانی گیانی بۆ نەخۆش، دەبێ دیەکەی بدات.

پێشتریش، بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران باسی لە بەرزبوونەوەی ٢١%ی مەحکوومیەتی پزیشکی لە ئێران کرد و ڕایگەیاندبوو: ئاماری \"هەڵەی پزیشکی\" لەو وڵاتە ڕووی لە بەرزبوونەوەیە.