هەڵەی پزیشکی جارێکی دیکە قوربانی لێکەوتەوە

14:51 - 19 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هەڵەی پزیشکی یەکێک لە دوکتورەکانی نەخۆشخانەی بێهێشتی شاری قوروە سەر بە پارێزگای سنە، دایكێکی لە سۆزی منداڵە کۆرپەکەی بێبەش کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٦ی پووشپەڕ، ژنێکی دووگیان لە شاری قوروە، بە هۆی کەمتەرخەمی و هەڵەی پزیشکی لە کاتی سێزاریەن منداڵەکەی لە دەست دا.

\"ز.ح\" شوناسی ئەو ژنەیە کە نیشتەجێی شاری قوروەیە و بە هۆی هەڵەی پزیشکی، لە سۆزی باوەش گرتنی جگەرگۆشەی بێبەش بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی هەینی لە کاتی منداڵبوونی ئەو ژنە دا، پاش چوون بۆ نەخۆشخانەی شاری قوروە، دوکتورەکان پێی ڕادەگەیەنن، کە هێشتا کاتی منداڵ بوونی نەهاتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش ماوەیەک مانەوە و نالەباربوونی دۆخی تەندروستی\"ز.ح\" دوکتورەکان ئەو ژنە کوردە ڕەوانەی ژووی نەشتەرگەری کردووە و پاش کاتژمێرێک ئەو بنەماڵەیە ئاگادار دەبنەوە کە منداڵەکەیان مردووە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا باس لەوەش دەکات کە؛ دوکتورەکە پاش ڕۆژێک لەو رووداوە، بۆ پەردەپۆش کردنی کەمتەرخەمییەکەی، بە \"ز.ح\" ڕاگەیاندووە، کە دەتوانێ بۆ ماوەی دوو مانگ بە خۆڕایی ئەو ژنە دەوا و دەرمان بکات.

هەروەها دوکتورەکەی گوتوویەتی:کارێک دەکات هەتا دوو مانگ ئەو ژنە دوو گیان بێتەوە، هەتا ئەو بنەماڵەیە لە بەدواداچوونی قەزایی خۆیان ببوێرن.

خاوەنڕایان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکیی و دەرمانی و کاری لەڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لە قەلەم دەدەن.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.