هەڵەی پزیشکی بوو بە هۆی گیان لە دەستدانی ژنێکی دووگیان

13:31 - 15 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دووگیان خەڵکی شاری مەهاباد پاش یەک حەوتوو، لە بەشی چاوەدێری تایبەت لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، بە هۆی کەمتەرخەمی پزیشکی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، ژنێکی دووگیان بە ناوی \"ئارەزوو دەروێشی\" تەمەن ٢٤ ساڵ کچی محەممەد ساڵح خەڵکی شاری مەهاباد کە پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری سزارین، چووبووە حاڵەتی بێهۆشی، بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە دووگیان ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەر، بۆ ئەنجامدانی نەشتەری منداڵابوون بۆ نەخۆشخانە خومەینی شاری مەهاباد ڕاگوێزرا و پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، دواتر تووشی زەربەری مێشکی هاتووە.

کۆمیسیونی پزیشكی پاش لێکۆڵینەوەی تاقیکارییە سەرەتاییەکان، زەربەی مێشكی بە هۆکاری گیان لە دەستداننی ئەو ژنە دووگیانەی ڕاگەیاندووە.
ئەو ژنە دووگیانە پاش حەوتوویەک خەواندن لە بەشی چاوەدێری تایبەت لە نەخۆشخانەی خومەینی گیانی لە دەست دا.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، ژنێکی دووگیان بە ناوی \"لەیلا بەرایی\" لە کاتی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی تەئمین ئیجتماعی ئەو شارە بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکیی گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە دووگیانە لەژێر چاوەدێریی یەکێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی تەئمینی ئیجتماعی شاری سەقزدا بووە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاماری کەمتەرخەمییە پزیشکییەکان لە ئێراندا، ڕووی لە زیادبوون کردووە و بە وتەی بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی زۆرترین سکاڵای کەموکۆڕیی پزیشکی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون بووە.