هەڵەی جوتیارێکیی کرماشانی ئاگری لە دەگمەنترین تاڵاوی جیهان بەردا

14:13 - 13 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی دەزگای ژینگەپارێزیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە \"بە هۆی هەڵەی جوتیارێکیی کرماشانی، یەکێک لە دەگمەنترین و بە بایەخترین تاڵاوەکانی جیهان ئاگری گرت\".

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان \"محەممەد حوسێن‌فەلاحەتی\"، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی \"تەسنیم\" لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە \" ئەم ئاگرە لە تاڵاوی \"هەشیلان\" بە هۆی هەڵە و کەمتەرخەمیی جوتیارێکی کرماشانی ڕووی داوە و بەهۆی ئەم ڕووداوە ١٥ هێکتار لە لێڕەوار و گژ و گیای ئەم تاڵاوە لەناو چووە\".

هەروەها بەرپرسی دەزگای ژینگەپارێزیی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە \"ئەم ئاگرە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ دڕێژەی هەبووە و بە هاوکاریی هێزە جۆراوجۆرەکان وەک شارەوانی و سەرچاوە سروشتییەکان و هێزیی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە کۆژاوەتەوە\".

ناوبراوە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە \"کەمتەرخەمیی تاکەکان ڕۆڵێکی سەرەکی لە سەرهەڵدانیی ئەم ڕووداوانەدا هەیە و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆکارێک بۆ لە ناوچوونی سەرچاوە سروشتیەکان\".

تاڵاوی \"هەشیلان\" جێی ژیانی باڵندەکانی وەک \" حاجی لەق‌لەق، ئەگرت، سۆرە وێلک، غەمخۆرە، غازیی خۆڵەمێشی، کشیم و زۆر گیانلەبەری دیکە وەکوو ڕێوی، بەراز، گورگ و چەقەڵ لەم تاڵاوەدا دەژین\".