هەڵوێستی كۆمەڵە و پەژاك سەبارەت بە هێرش كردنە سەر بنكە و بارەگەكانی حیزبی دێمۆكرات

14:45 - 16 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: دەربڕینی ناڕەزایەتی و پەرچەكردارەكان بە هێرشی هێزەكانی ئاسایش بۆ سەر بنكە و بارەگەكانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران قوناغێكی تازەی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوو حیزبی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێسلامی ئێران لە دوو بەیاننامەی جیادا پشتیوانی خۆیان لە حیزبی دێمۆكرات سەبارەت بە هەڵوێستەكانی ئەو حیزبە لەمەڕ بێ‌ریزییەكانی ئاسایش، دەربڕی.

پژاك( حیزبی ژیانەوەی ئازادی كوردستان) لە بەیاننامەكەیدا هێرش بۆسەر ئۆردووگای سەرەكیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لە نزیک شاری كۆیە، بە نەشیاو و سووكایەتی لەقەڵەم داوە.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، هێرشی لەو چەشنە بۆ سەر حیزبێكی سیاسی بە پێچەوانەی فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردەوارییە و لەگەڵ ئەخلاقی سیاسی و بەرژەوەندی نەتەوەییش لە دژایەتی دایە.

پەژاک جەختی لەوە كردۆتەوە، ئەو هەوڵانە قازانجی بۆ بەرژەوەندی سیاسیی هەرێمی كوردستان نیە و هەروەها نەتەوەی كوردیش پێی قەبووڵ ناكرێ‌.

دەركردنی ئەو بەیاننامەیە لەلایەن پەژاكەوە دەنگدانەوەی بەربڵاوی هەبووە، چونكە حیزبی دێمۆكرات پەژاك بە حیزبێكی سەربەخۆ نازانی و بە بەردەوامی وتوویەتی كە پەژاك لقێك لە پەكەكەیە و هیچ پێوەندییەكی سیاسیی و دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو رێكخراوەیە نییە.

لەلایەكی دیكەوە حیزبی كۆمەڵەش وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهێرش هێزەكانی ئاسایش بۆ سەر بنكەكانی حیزبی دێمۆكرات راشیگەیاندووە، كە بڕیاری دادوەریی كۆیە هەوڵێكی نابەجێی و سووكایەتی بە حیزبە سیاسییەكانە.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بەیاننامەكەدا باسی لەوەش كردووە: روودانی لەم چەشنە رووداوانە نابێ‌ببێتە هاتنە ئارای كێشە و ئاستەنگ لەبەردەم بزووتنەوەی كوردستانی ئێران عیچراق.

پێشتریش پارتی ئازادی كوردستان، رێكخراوی خەباتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵە رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و پارتی لیبراڵ دێمۆكراتی كوردستان بە دەركردنی بەیاننامە هێرشیان بۆ سەر بنكەكانی حیزبی دێمۆكرات مەحكووم كردبوو.