هەڵهاتنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەڵماس لە دەست هێزە نیزامییەکان

15:45 - 1 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، لە ترسی دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، ماوەی چوار مانگە خۆی شاردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نزیکەی چوار مانگ پێش، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"مێهدی مامەدعەبدویی\" کوڕی زنار خەڵکی شاری سەڵماس لە ترسی دەسبەسەر کردن لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە هەڵهاتووە و خۆی شاردووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ١٠ی خەرمانانی ئەمساڵ لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە، خەڵکی ئەم شارە بە ناوی \"گرمان پیری\" کوڕی مووسا دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و گرمان بە سەختی بریندار دەبێت.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری تەقەی هێزە نیزامییەکان لەو دوو هاووڵاتییە کوردە و تۆمەتی وەپاڵدراویان زانیارییەکی ورد و دروست لە بەردەستدا نییە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هێزە نیزامیی_ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە جاددە هەڵەمووتەکانی کوردستانی ئێران، شوفێری ماشینەکان بە بیانووی کەلوپەلی قاچاغ دەدەنە بەر دەسڕێژ، کە لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان و لەو پەیوەندییەدا هیچ ناوەندێکی حقووقی و فەرمی وەڵامدەری هەوڵی نایاسایی مەئموورانی حکوومەتی بۆ تەقەکردن لە کاسبکاران و کۆڵبەران نییە.