هەڵمەت و چالاکیی تویتری بۆ "زەینەب جەلالیان" وەڕێ خرا

11:04 - 15 رەشەمه 2721

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەمە، لە گردەلوولێکی تویتریدا بە هەشتگی فارسی و ئینگلیزی، خەڵک لە تویتر و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە دووپاتکردنەوەی پرسیاری "زەینەب جەلالیان لە کوێ دایە؟"، خوازیاری ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە بوون.

زەینەب جەلالیان تاکە ژنە زیندانیی سیاسیی کوردە کە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا. پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

لەو پەیوەندیەیدا ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمە، کورتە ڤیدیۆیەک لە دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە و ڕایگەیاندبوو کە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی زەینەب نییە و ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی زەینەب جەلالیان و دایکی ئەو زیندانییە سیاسییەیان دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆیان ڕاگواستبوو.

زەینەب جەلالیان لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا بەبێ یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە زینداندایە و سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی جۆراوجۆر، چەند جار لە زیندانەکانی خۆی، قەرچەکی وەرامین، کرمان، دێزڵاوای کرماشان و یەزد، گواستراوەتەوە و دوور خراوەتەوە.

پێشتر "نەرگس محەممەدی" چالاکی مافی مرۆڤ، زیندانیی سیاسیی پێشوو و وتەبێژی کانوونی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، لە وتووێژێک لەگەڵ گوڤاری "خط صلح" لە زاری زەینەب جەلالیان  باسی لە ئازار و ئەشکەنجەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی لە زیندانەکانی کوردستان کردبوو.