هەڵسوکەوتی ئەمنیەتی لەگەڵ چالاکانی ئایینی لە کوردستان درێژەی هەیە

22:36 - 2 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گوشار بۆ چالاکانی ئایینی لە کوردستانی ئێران، ناوەندەی گەورەی ئیسلامی لە کوردستانی رۆژهەڵات، حوکمی کۆچی زۆرەملێ و پێشنوێژی نەکردنی بۆ مامۆستایەکی کوردی خەڵکی دیواندەرە بڕیەوە.

بە پێی ‌راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەحیەدین موحەمەدزادە پێشنوێژی گوندی \"کۆڵە\" سەر بە شاری دیواندەرە لە چالاکیی ئایینی بێبەش و پێی راگەیەندراوە کە دەبێ ئەو گوندە بەجێ بهێڵێت.

دەوترێ، ئەو مامۆستا کوردە ئەندامی مەکتەب قورئان بووه و حوکمەکەی لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات، لەلایەن ناوەندەی گەورەی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کورستان بۆ بڕاوەتەوە.

\"27052.jpg\"
مەحیەدین موحەمەدزادە، چەند جارێک لەلایەن ناوەندەی ئیدارەی گەورەی ئیسلامی و ئەوقافەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکراوە
مەحیەدین موحەمەدزادە ماوەی ٩ساڵە پێشنوێژی گوندی \"کۆڵە\"ـیە و لەو ماوەیەدا چەند جارێک لەلایەن ناوەندەی ئیدارەی گەورەی ئیسلامی و ئەوقافەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

ئیدارەی ئەوقافی دیواندەرە لەنامەیەکدا بە دەستەی بەڕێوەبەریی مزگەوتی کۆڵە (هیأت امنای مسجد کوله) رایگەیاندووە: مەحیەدین موحەمەدزادە وەکوو مامۆستا لەلایەن ناوەندی گەورەی ئیسلامیەوە قەبووڵ نەکراوە و سەڵاحیەتی کەڵک وەرگرتن لە ماڵی مزگەوتی نیە و هەتا ١٠ رۆژی دیکە مەجالی پێ بدەن مزگەوتەکە چۆڵ بکات.

لەو نامەیەدا ئاماژە درابوو کە لە ئەگەری جێبەجێ‌نەکرانی ئەو بڕیارە و چۆڵ‌نەکردنی مزگەوتی گوند لەلایەن \"مەحیەندین\"ـەوە، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی کۆمەڵێک هەوڵ لەو پێوەندییەدا دەگرێتە بەر.

پێشتر، ناوەندی گەورەی ئیسلامی بە ناردنی نامەیەک بۆ ئەو مامۆستا کوردە هەڕەشەی کردبوو کە، تەواوی مامۆستایان دەبێ لە ژێر چاوەدێری ناوەندی ئیسلامی دابن بە حوکمی ئەو ناوەندە مافی پڕوپاگەندای ئایینییان هەیە.

لەو نامەیەدا هەروەها بەو مامۆستا ئایینییە راگەیەندرابوو کە ئێوە نە پەروەندە و نە مافی پێشنویژیتان هەیە و تا دوو مانگی دیکە کاتتان هەیە گوندی کۆڵە بەجێبێڵن.

\"27053.jpg\"
سەلام فەرەجی بە هۆی لایەنگری لە مەکتەب قورئانە ٤ مانگ زیندان مەحکووم و رەوانەی زیندان کرا
لەلایەکی دیکەوە و هەر لەو پێوەندییەدا، سەلام فەرەجی یەکێکی دیکە لە ئەندامانی مەکتەبی قورئان لە شاری مەریوان بە ٤ مانگ زیندان مەحکووم و رەوانەی زیندان کرا.

سەلام فەرەجی کارمەندی فەرمیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان سەوڵاوا بووە و بە هۆی لایەنگری لە مەکتەب قورئان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە ئەو حوکمەی بۆ بڕابووە.

پەیڕەوانی مەکتەب قورئان کە سەرقاڵی تێپەڕاندنی قۆناخی سێهەمی بزووتنەوەی دینی دان\" هەوڵەکانی خۆیان لەسەر \" رێنوینی کردنی خەڵک بۆ چالاکە مەزهەبییەکان بە دوور لە کردەوەی سیاسی\" چڕ کردووەتەوە.

بانگ کردن و لێپێچینەوە لەهاووڵاتیانی کوردی پەیڕەوی مەکتەب قورئان لەحاڵێکدایە کە ئەو رەوتە مەزهەبییەی کوردستان بە بەردەوامی پێداگری لەسەر چالاکییەکانی بەدوور لە سیاسەت و بانگهێشتکردنی خەڵکی و رینوێنی کردنی هاووڵاتیانی کردووەتەوە.