هەڵسوکەوتی \"نەشیاو\"ی شارەوانیی خوڕەمشار، خۆسووتاندنی دەستفرۆشیکی لێکەوتەوە+وینە

14:42 - 24 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی عەرەبی خەڵكی خوڕەمشار (محمرە)ی سەربە ئوستانی خووزستان، بە ناڕەزایەتی دەربڕین بەوەیکە مەئموورانی شارەوانی دەکەی میوە فرۆشییەکەیان لێ تێکدابوو، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەشەمە یوونس عساکەرە، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی خوڕەمشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێکدرانی دەکەی میوە فرۆشییەکەی بەدەستی مەئموورانی شارەوانی، کە تاقە سەرچاوەی داهاتی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی بوو، لەبەردەم شارەوانیدا لە رێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

ئەو هاووڵاتییە عەرەبە، بەهۆی سووتانی لەرادە بەدەرەوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز و پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندووە.

\"25405.jpg\"
یوونس عساکەرە، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی خوڕەمشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێکدرانی دەکەی میوە فرۆشییەکەی بەدەستی مەئموورانی شارەوانی, ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا
دەگوترێ، مەئموورانی شاروەانی( موحەمەرە) بە بڕیاری فەرمانداریی ئەو شارە دەستیان بە تێکدانی دەکەی مێوە فرۆشەکان کردووەو لە ئەنجامدا تێکهەڵچوون لە نێوان مەئموورانی شارەوانی و میوە فرۆشەکاندا هاتۆتە ئاراوە.

فەرمانداری موحەمەرە مەبەستی خۆی لە بڕیاری تێکدانی دەکەی میوە فرۆشییەکان بۆ \"کارئاسانی و فراوان کردنی جێگە و رێگە بۆ کاروانی راهیانی نوور\" گەڕاندۆتەوە.

ئەو بڕیارەی فەرمانداریی موحەمەرە، پەرچەکرداری توندی یوونس عساکەرەی لێکەوتۆتەوەو ناوبراو لەبەردەم شارەوانیی ئەو شارەدا ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوەو زیاتر لەسەدا ٧٠ی جەستەی سووتاوەو هەنووکە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز لەژێر چاوەدیریی پزیشکیدایە.

\"25410.jpg\"

\"25411.jpg\"