هەڵاواردنی یارسانەکان لە لایەن سپای پاسدارانەوە

14:30 - 24 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بە هۆی هاتنی بوومەلەرزەوە لە پارێزگای کرماشان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی یارسان بوونە قوربانی و هێزەکانی سپای پاسدارانیش بەربەستیان لە بەردەم گەیاندنی یارمەتی بەو هاووڵاتییانە دروست کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران ڕیگریان لە گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوانی گوندە یارسان‌نشینەکان کردووە.

هەواڵی نێردراو بۆ کوردپا باس لەوە دەکات، کە لە کاتی یارمەتی گەیاندنی هاووڵاتییانی کوردستان بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، سەرەڕای هاوکاری نەکردنی هێزەکانی حکوومەتی، سپای پاسداران ڕێیان لە گەیاندنی یارمەتی بە ژمارەیەک لە گوندە یارسان‌نشینەکان گرتووە.

گوندەکانی دەوروبەری شاری داڵاهوو وەک: نیلک، گۆراجووب، زاولە، گزن و باوایادگار و ناوچەکانی دیکە لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکەدا، زیانیان بەرکەوتووە و هێزەکانی سپای پاسداران ڕیگریان لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان بۆ خەڵکی ئەو گوندانە کردووە.

هاووڵاتییانی یارسان بە هۆی جیابوونی بیروباوەڕیان، لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تووشی بێڕیزی و هەڵاواردن هاتوون.

پارێزگای کرماشان وەکوو گەورەترین ناوەندی کۆبوونەوەی پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە ئەژمار دێت.