هەژاری و دەستکورتی، دوو کەسی کردە قوربانی

15:08 - 19 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: هەژاری، دەستکورتی و بێکاریی لە وڵاتی ئێران، ڕۆژ لە داوی ڕۆژ لە حاڵی پەرەسەندندایە و هاوڵاتییان دەبنە قوربانی. لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٢ هاووڵاتی بوونەوە قوربانیی ئەو دیاردەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد لە شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان، بە ناوی \"حەمید ڕەزا مەقسوودی‏نێژاد\" بە هۆی دەستکورتی و بێکارییەوە، حەوتووی ڕابردوو کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

پارێزگای کرماشان بە یەکێک لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی ئێران بە ئەژمار دێ، بەڵام بە هۆی ئەمنیەتی بوونی ئەوشارە، هێژموونی و باڵادەستیی ئایدیۆلۆژی دەسەڵات، کوردەکان لەو شارە بە هاووڵاتیی پلە دوو چاویان لێ‏دەکرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، ژنێکی سنەیی تەمەن ٣٠ساڵە بە ناوی \"ه.م\"، بە هۆی دەستکورتی و هەژارییەوە لە سەربانی ماڵەکەیەوە، خۆی هەڵدەدێرێت.

هەروەها، ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمە، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵان بە ناوی \"ف\" لە گەڕەکی بەهارستانی خواروو لە شاری سەقز، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

کارناسانی کار و باری کۆمەڵایەتی کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم ئەدەن،کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەرێی ئاماری بیكاری لەئێران، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات.