هەڕەشە کردن لە چالاکانی مافی مرۆڤ جێگای قەبوول کردن نیە

21:25 - 11 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، داوای کۆتایی هێنانی دەستبەجێی هەوڵە نایاساییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، هەر جۆرە هەوڵێک وەکوو هەڕەشە و تۆقاندنی چالاکانی مافی مرۆڤ و میدیایی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە ناڕەوا زانی.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێدراوە بەم چەشنەیە:

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ چالاکانی مافی مرۆڤ و هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا، هەڕەشەی لەو چالاکانە کردووە.

ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممە ١٠ و١١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، وەزارەتی ئیتلاعات لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی مادیح نەزەری و هاوژینەکەی شیوا گەنجی لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، هەوڵی هەڕەشە و توقاندنی ناوبراوانی داوە.

لەو پەیوەندییەدا، مەئموورانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا هەڕەشەیان لە مەحموود ساڵحی و بێهنام ئیبراهیم زادە لە چالاکانی ناسراوی کرێکاری کردووە.

هەوڵە نایاساییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاستای راگرتنی کار و چالاکییە مافی مرۆییەکان، بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ، و ناڕەزایەتی بنەماڵە و لایەنگەران و هەروەها چالاکانی دیکەی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆی لێ کەوتووتەوە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان هەر جۆرە هەڕەشە و ترساندنی چالاکانی مافی مرۆڤ و میدیایی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە جێگای قەبووڵ کردن نازانێت و داواکاری کۆتایی هێنانی دەستبەجێی هەوڵە نایاسایەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
پێنج‌شەممە ١١ی جۆزەردان/ ١ی ژوئەنی ٢٠١٧