هەڕەشە و ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانی گوندەکانی بناری شاهۆ لە لایەن سپای پاسدارانەوە

13:53 - 9 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران، هەڕەشەی لە هاووڵاتییان و ئاژەڵدارانی کورد کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک هەتا ٢٠ ڕەزبەر سەردانی شاخی شاهۆ نەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران دانیشتووانی گوندەکانی بناری شاخی شاهۆی لە شاری کامیارانی ئاگادار کردووەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەیان نییە، هەتا ٢٠ی ڕەزبەر، سەردانی ئەو شاخە بکەن.

لە بانگەوازی سپای پاسداران بۆ گوندەکانی کامیاران نزیک لە شاخی شاهۆ هاتووە: لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر هەتا ٢٠ ڕەزبەر، بە هیچ شێوەیەک کەس بۆی نییە، سەردانی شاخی شاهۆ و دەورووبەری بکات.

هەروەها لەو بانگەوازەدا هاتووە: هەر کەس لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراوە سەردانی شاخی شاهۆ بکات، لەگەڵ کێشە قەزایی بەرەڕوو دەبێتەوە و لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا، هاووڵاتییان خۆیان بەرپرسیارن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری کامیاران بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: ئامانجی سپای پاسداران لەو بانگەوازە بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی نیزامیی لە شاخی شاهۆیە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سپای پاسداران بەردەوام خەریکی ڕەوانەکردنی هێز و چەکوچۆڵی قورس و نیوەقورسی وەک تۆپ و دۆشکا، بۆ بناری شاخی شاهۆیە.

سپای پاسداران دەێەوێت لەو ماوەیەدا، مانۆڕێکی نیزامیی لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە بەڕێوە ببات و بەو هۆیەوە خەریکی هێنانی هێزە و چەکوچۆڵە لە شارەکانی دیکە ئێران بۆ کوردستان.

حەوتووی ڕابردوو، حکوومەتی ئێران چەند تانک و کەرەستەی قورسی شەڕی ڕەوانەی شاری شائاباد لە پارێزگای کرماشان کردووە.

هەروەها پێشتریش، قەرارگای حەمزەی سەیدلوشوهەدا لە پارێزگای سنە، چەندین خاڵی پشکنینی لە نێوان جادەکانی کامیاران_سنە، سنە_مەریوان داناوە، کە ئەم کارە نیگەرانیی هاووڵاتییانی کوردی لێ کەوتووەتەوە.

پاش دەستپێکردنی قوناغی نوێی خەباتی حدکا بە ناوی \"ڕاسان\"، حکوومەت لە ناوچە سنوورییەکان دەستی بە نۆژەنکردنەوەی پایگا کۆنەکان و ئاوەدانکردنەوەیان و ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵی قورس بەتایبەت بۆ شارە سنوورییەکان کردووە.

پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا، ڕوانگەی ئەو حکوومەتە بە نیسبەت کوردستان، ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی بووە.