هەڕەشەی ئیدارەی چاوەدێری لە دووکاندارانی مانگرتوو لە شاری سنە

20:23 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی چاوەدێری لەسەر ئەماکنی گشتی، لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوەی سنعەت، کان و بارزگانیی شاری سنە، خوازیاری ناساندنی و هەڵسوکەوت لەگەڵ بازاڕیان و پیشەوەرانی مانگرتوو لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی چاوەدێری لەسەر ئەماکنی گشتیی شاری سنە، لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی سنعەت، کان و بارزگانی، پێداگری لەسەر ناساندن و هەڵسوکەوت لەگەڵ دووکانداران و پیشەوەرانی مانگرتوو لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان کرد.

لەو نامەدا هاتووە: \"سەرەڕای هاندان و ‌هەڕەشەی کەسانی خۆفرۆش، بە بەرنامەداڕێژیی گرووپە دژبەرەکان، لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراو زۆربەی دووکاندار لە ئاستی شاری سنە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە کوشتن و بەڕێوەچوونی ئێعدامی سێ کەس لە ئەندامانی گرووپە تێرۆرێستییەکان و هێرش بۆ سەر ناوەندی حیزبی دێموکرات هەوڵی مانگرتن و داخستنی یەکەکانی سێنفی خۆیان داوە، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە بانگەوازی گرووپەکان لە ناوچەکەوە هەیە\".

ئیدارەی چاوەدێری لە سەر شوێنە گشتییەکانی شاری سنە لەو نامەیەدا دەڵێت: \"بە مەبەستی نەهاتنە ئارای حاڵەتگەلێکی هاوشێوە، بێنەزمی بەربڵاو لە ئاستی بازاڕ و هەروەها سواربوونی شەپۆلی بەرەی دژە شۆڕش، بڕیار بدەن کە بە شێوەیەکی گونجاو لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدرێت و یەکە سێنفییەکان هاوتەریب لەگەڵ مانگرتن بەتایبەتی پاڵنەران و ڕێبەرانی سەرەکیی بناسێنن و بە لەبەرگرتنی ڕێوشوێنی گونجاو یاسای پێویست سەبارەت بەوان بە کار ببین و پولیس ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکی پێویست لەو پەیوەندییەدا بێت\".

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بە پیریی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن، کە داوایان کردبوو بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەرانبەر ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن، کە خەڵکی کوردستان دوای داخستنی سەرجەم دووکان و بازاڕەکانی کوردستان ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی هێزە ئیلاعاتییەکان بوونەوە.