هەڕەشەی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان، نادیاربوونی کچێکی لاوی بەدواوە بووە

15:23 - 26 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کچێکی لاو تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی شاری مەهاباد و دانیشتووی شاری پیرانشار، بە هۆی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، ماوەی نزیکە بە ١٠ ڕۆژە نادیارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عالیە جیهاندیدە، تەمەن ٢٧ ساڵ کچی محەممەدئەمین، خەڵکی شاری مەهاباد و دانیشتووی شاری پیرانشار بە هۆی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، دیار نەماوە و چارەنووسی ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: عالیە جیهاندیدە، سێ جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراوە و بە توندی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێ کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کچە لاوە ١٠ ڕۆژ پێش بە هۆی چوونەوەدەرەوەی لە ماڵ دیار نەماوە و بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کچەکەیان ، چەند جارێک سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشاریان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک خۆ دەبوێرێن.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەو کچە پێش لە چوونەوەدەرەوەی لە ماڵ، لە جانتاکەیدا نامەیەکی نووسراوەی ئیتلاعاتی پێ بووە و پاش چوونەدەر لە ماڵ، نەگەڕاوەتەوە و هەتاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.