هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعات بوو بە هۆی لەبارچوونی منداڵی ژنێکی کورد

20:16 - 15 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە هاووڵاتییەکی کورد، پاش هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیتلاعاتی شاری سنە، منداڵەکەی لەبار چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی عێرفان کەریمی خەڵکی شاری سنە، بە دوای گوشار و هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعات ماوەی چوار مانگە ون بووە و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیتلاعات بوو بە هۆی لەبارچوونی منداڵی ژنەکەی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە ڕایگەیاند: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی چوار مانگە ون بووە و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە\" و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بنەماڵەیە ڕایگەیاند: \"هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو داگرت و لەگەڵ خۆیان بردوویانە\".

\"\"
عێرفان کەریمی
بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە: \"هاوژینی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوی سارا فەرهادی بە هۆی گوشار و هەڕەشەی هێزەکانی ئیتلاعات، پاش دوو ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانە منداڵەکەی لەبار چوو.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی عێرفان کەریمی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران، هەوڵی دەسبەسەر کردنی ناوبراویان داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، گوشاری هێزەکانی ئیتلاعات بۆ سەر بنەماڵەی کەریمی بۆ ڕادەست کردنی کوڕەکەیان بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە بەردەوامە.