هەڕەشەی بونیادی شەهید لە چەند چالاکێکی مەدەنیی سەقز

14:56 - 17 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بونیادی شەهیدی حکوومەتی ئێران، لە شاری سەقز، هەڕەشەی لە چەند چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەیەکی دەسکورتی سەقزی، کە لە ژێر پووششی ڕێکخراوی بێهزیستین و خەریکی کاری بڵاوەکردنەوەی مادەی سڕکەرن، کێشەی و بشێوییان بۆ دانیشتووانی گەڕەکی شافعی دروست کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: محەممەد کەرەمی، کە بۆ خۆی تووشبووی مادەی هۆشبەرە و هەروەها خەریکی فرۆشتنی ئەو مادە ماڵوێرانکەرەیە، لە نێو دانیشتووانی ئەو کۆڵانەدا، بە پشتیوانی ڕێکخراوی بێهزیستی.کێشە و بشێویی بۆ خەڵکی گەڕەکی شافعی دروست کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، چەند کەسێک لە خەڵکی ئەو گەڕەکە لە ڕێگەی یاساوە سکاڵایان دژی ئەو بنەماڵە لە ڕێکخراوی ئاماژەپێکراوە کردووە و چەند چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقزیش پشتیوانیان لەو خەڵکە کردووە، بەڵام بونیادی شەهید و کەمئەندامانی ئەو شارە، هەڕەشەیان لە چالاکانی مەدەنیی کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ڕێکخراوی بونیادی شەهید و کەمئەندامان، هۆشداریی بە خەڵکی گەڕەکی شافعی و ئەو چەند چالاکە مەدەنییە داوە، لە ئەگەری گوشارهێنانی بۆ سەر بنەماڵەی محەممەد کەرەمی، لەگەڵ دۆسیەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.