هەڕەشەکردن لە پارێزەرێک و چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد لە بۆکان

13:22 - 10 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی پلەی یەکی دادگوستەری و چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری بۆکان لە ڕێگای کورتە نامەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئارش فاتحی پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری کە لە بواری ژینگە و پارێزەرایەتی چالاکی دەکات، هەڕەشەی لێ کرا.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزەیە ماوەی پێش چەندین کەڕەت نیسبەت بە سەرپێچی و بەتاڵانبردنی زەوی لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی و ڕێکخراوەکان لە شاری بۆکان دژکردەوەی نیشان داوە و لە هێندێک حاڵەتدا لە دادگادا، داوای سزای تاڵانچییەکان کردبوو، لە دواین حاڵەتدا تێکدانی دوو پارک لە شاری بۆکان لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتیی ئەو شارەوە ڕووی دابوو، کە ناوبراو لەگەڵ چەند چالاکێکی ژینگەپارێزیی دیکە، داوای سزا کردبوو و پێشیان بە تێکدانی یەکێک لە پارکەکانی شاری بۆکان گرتبوو و لەو پەیوەندییەدا، چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لێ کراوە و تەنانەت لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت کرابوو.

ئەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەرییە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چالاکی بیاڤی ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ بووە و بەتایبەت چالاکییەکانی لە بواری پشتیوانی و پارێزەرایەتی زیندانییانی سیاسی، کۆکردنەوەی و یارمەتی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان، بەشداریی لە کەمپینەکانی پشتیوانی لە داکۆکیی زیندانییانی سیاسی_عەقیدەتی و هەروەها چالاکییە مەدەنییەکان لە بواری ژینگەپارێزی بووە.

لە ماوەی چەند ساڵدا، چەندین چالاکی ژینگەپارێزیی دیکە لە شاری بۆکان بە بیانووی جۆراوجۆر دەسبەسەر و زیندانی کراون و چالاکانی دیکەی ژینگەپارێزی ئەو شارە لە ژێر گوشار و بانگهێشتدان، فەرهاد لوتفی یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی و وەرگێڕ و نووسەر لاوی بۆکانیش یەکێک لە چالاکانی ئەو شارەیە، کە بەردەوام لە ژێر گوشارە و چەندین جار بانگهێشت کراوە، کە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت.