هەوڵ بۆ چەواشەکاری کاناڵ و ماڵپەڕە ئەمنیەتییەکانی لە سەر کوژرانی سارۆ قارەمانی

14:52 - 26 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش بڵاوبوونەوەی کوژرانی لاوێکی کورد، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، کاناڵە تێلگرامییەکان و ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان، لە سەر کوژرانی ئەو لاوە کوردە خەریکی چەواشەکارین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی کوژرانی سارۆ قارەمانی، ماڵپەڕ و کاناڵە تێلگرامییە ئەمنیەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە کوردستان و ڕێکخراوی سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی بابەتگەلێک لە هەوڵی پەردەپۆش کردنی کوژرانی ئەو لاوە کوردەن.

ئەو کاناڵانە لە لایەن بە ناو \"سربازان رسانە‌ای\" حکوومەتی ئێران بەڕێوە دەچێت و لە هەوڵی چەواشەکاری و بە لاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی خەڵک بە نیسبەت کوژرانی ئەو لاوە کوردەن، وەزارەتی ئیتلاعات ئەم هەوڵەی بە \"یاسایی و لە پێناو پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی\" ناوزەد کردووە.

سارۆ قارەمانی تەمەن ٢٤ ساڵ پاش دەسبەسەر کرانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە ئازار و ئەشکەنجە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گیانی لە دەست داوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان تەرمی ئەو لاوە کوردەیان لە ئێوارەی ٢٢ی بەفرانبار، ڕادەستی بنەماڵەکەی کردووە و ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی بەبێ ئامادەبوونی خەڵک بە خاکیان سپاردووە.

ئەو لاوە کوردە، لە کاتی بەشداریی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان، دەسبەسەر و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە سەر جەستەی ناوبراو شوێنی لێدان و ئازار و ئەشکەنجە پێوە دیار بووە.

عوسمان مەزەین، یەکێک لە پارێزە ناسراوەکانی کورد، سەبارەت بە کوژرانی ئەو لاوە کوردە لە کاناڵی تێلگرامی خۆیدا دژکردەوەی نیشان دا و نووسیوویەتی: \"گرتووخانە شوێنێکە بۆ ڕاگرتنی کەسێک بۆ ئەنجام نەدانی تاوان، نە شوێنێک بۆ گرتنی ژیانی\".