هەوڵەکانی ئەماکنی بانە بۆ کردنەوەی دووکانەکان بێ ئەنجام بوو

14:23 - 7 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی پیرانشار و بانە، ئەماکنی شاری بانە هەوڵی کردنەوەی دووکانی هاووڵاتییانی ئەو شارەی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەشەمە، ئەماکنی شاری بانە بە هاوکاری چەند کەسێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی، هەوڵی کردنەوەی دووکانی هاووڵاتییانی ئەو شارەی داوە و هەوڵەکانیان لەگەڵ شکست بەرەڕوو بووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەماکنی شاری بانە هەوڵی کردنەوەی چەند دووکانێکی لە پاساژی \"بەهەشتی\" ئەو شارەی داوە و خەڵک پێشیان پێگرتن و نەیانهێشت دووکانەکان بکەنەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەماکنی ئەو شارە هەڕەشەیان لە دووکانداران کردبوو لە ئەگەری بەردوام بوون لە سەر داخستنی دووکانەکان لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە و خۆیان بەرپرسیارن.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە، بازاڕیان و دووکاندارانی پیرانشار و بانە بە هۆی داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان مانیان گرتووه و داوای کراوەنەوەی بازاڕچە سنوورییەکانیان لە بەرپرسانی حکوومەتی دەکەن.

لەو مانگرتنەدا، دووکاندارن و بازاڕیان داوای کردنەوەی بازاڕچە سنوورییەکانیان کردووە و لە ئەگەری نەکرانەوەی بازارچە سنوورییەکان، درێژە بە مانگرتنی خۆیان دەدەن.