هەوڵی خۆکوژیی قوتابییەک بە هۆی گەڵاڵەی ڕێنوێنی خوێندنی زۆرملی

16:05 - 8 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کچە قوتابییەکانی شاری نەغەدە، بە هۆی گەڵاڵەی ڕێنوێنی خوێندنی زۆرەملی لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانەوە، هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچە قوتابییەکی شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ، پاش ئەوەیکە لە سەر نەزەری ڕاوێژکارانی خوێندن بە زۆرملی، لە درێژەدان بە خوێندنی ئەو ڕشتەیە کە خۆی ویستوویەتی درێژەی پێ‌بدات، بێبەری بووە، هەوڵی خۆکوژی دا.

دەوترێ، تەنانەت ئەو کچە قوتابییە بۆ دەرباز بوون لەو گەڵاڵەیە، لەگەڵ باوکی هانا بۆ فەرمانداری شاری نەغەدە دەبن، بەڵام هەوڵەکەیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

هەوڵی بنەماڵەی ئەو کچە نەیتوانی بەرپرسانی حکوومەتی و بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان ڕازی بکات بۆ درێژەدان بە خوێندنی لەو بەشەدا کە کچەکەیان حەزی لێ‌بووە، ئەمەش بووەتە هۆی هەوڵی خۆکوژی ئەو کچە قوتابییە.

گەڵاڵەی ڕێنوێنی خوێندنی زۆرملی، کێشەی زۆری دروست کردووە، تەنانەت سەرکۆماری ئێرانیش حەسەن ڕووحانی \"خوێندنی زۆرەملی\" ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەم گەڵاڵەیە بەشێک لە سیاسەتی دانەبڕاوی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، لە ڕێنوێنی خوێندنی زۆرملی بەئەژمار دێ.

بەپێی سەرچاوەکان، لانیکەم ٤٥ کەس لە شاری نەغەدە پێداگرییان لە سەر خوێندن لەو ڕشتەیەدا کردووە کە خۆیان حەزیان لێیە، بەڵام لەگەڵ بەربەستی \"ڕینوێنی زۆرملی\"بەرەوڕوو بوونەتەوە.