هەولێر/ لەسێدارەدانی ئاروەند، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە

15:23 - 28 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: خۆپیشاندانێک بە بۆنەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ‌کرانی حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کورد لە پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نیسبەت لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، بە بەشداریی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە بەردەم پارکی \"شانەدەر\" لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی رێک خست.

لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەدا، سیروان ئاروەند، برای مەنسوور ئاروەند لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیامێکی پێشکەش کرد.

پاشان بەشداربوانی ئەم کۆبوونەوەیە، بە چەند ساتێک بێدەنگی و راوەستان، رێزیان لە گیانی پاکی شەهید مەنسوور ئاروەند و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان گرت.

\"27009.jpg\"
دواتر پەیامی بەشداربوانی ئەم کۆبوونەوەیە، لەلایەن فواد زیندانی، بەرپرسی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسیی کوردستانەوە خوێندرایەوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، چەندین پەیام لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانەوە پێشکەش کران.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا.

لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لەحالێکدایە کە حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گوڕدرابوو. هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەی پاش گواستنەوەی بۆ زیندانی مەهاباد، بە شێوەی زارەکی پێی راگەیەندرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی \"موحاربە\" لە رێگەی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە سیاسییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران\" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ئیعدام مەحکووم کرا.

هەواڵی پێوەندیدار:
مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کورد لە سێدارە درا