هەولێر/ دوایین زانیاری لەسەر چارەنووسی ٧ چالاکی سیاسیی دەستبەسەرکراوی کوردستانی ئێران و ئەگەری بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی

14:30 - 25 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕبوونی ٨ رۆژ لە دەستبەسەر کرانی ٧ چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە.

لەو پەیوەندییەدا کامیل نەجاڕی وتەبێژی گروپی پشتیوانی لە حەوت بەندکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پاش ٧ رۆژ توانیمان چاومان بەو بەندکراوانە بکەوێت، هەرچەند لە باری جەستەییەوە باش بوون، بەڵام لە باری دەروونییەوە لە دۆخێکی نالەباردا بوون.

\"16820.jpg\"
کامیل نەجاڕی: \"ئەگەر لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا هەوڵەکانمان بە ئەنجام نەگات و ئازاد نەکرێن، ئێمە بە چالاکیی دیکەی وەک خۆ پیشاندان و چوونە بەر دەم زیندان، ناڕەزایەتیی خۆمان بە نیسبەت ئەم مەسەلەیەوە دەر دەبڕین\"
کامیل نەججاری گوتیشی \"ئیمە پێمانوایە ئەو حەوت کەسە بە بڕیاری سیاسیی گیراوان و دەستبەسەر کردن و راگرتنیشیان لە زیندان شتێکی نایاساییە، چونکە ئەگەر بەشێوەیەکی یاسایی دەستبەسەر کرابەن، رادەستی دادگا دەکران و دەکرا بە بارمتە ئازاد بکرێن\".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە \" لە ماوەی ئەو ٨ رۆژەدا پۆلیسی هەولێر تەنیا بە بیانووی ئەوە کە راگرتنی ئەو حەوت کەسە بڕیارێکە کە لەسەرەوە هاتووە، لە وڵامدانەوە بە ئێمە خۆیان بواردووە\".

وتە بێژی گروپی پشتیوانی لەو حەوت کەسە دەستبەسەر کراوە باسی لەوەش کرد، \"ئێمە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک: ئێمێنیستی ئینترناشناڵ، هیومێن رایتس واچ، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچی سووری جیهانی و مانگی سووری ئێراقی\"مان لەو مەسەلەیە ئاگادار کردۆتەوە و ئەوانیش بەداداچوونی ئەم مەسەلەیە دەکەن\".

ئەو چالاکە کوردە گوتیشی؛ \"ئەگەر لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا هەوڵەکانمان بە ئەنجام نەگات و ئازاد نەکرێن، ئێمە بە چالاکیی دیکەی وەک خۆ پیشاندان و چوونە بەر دەم زیندان، ناڕەزایەتیی خۆمان بە نیسبەت ئەم مەسەلەیەوە دەر دەبڕین\".

رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر لە شاری هەولێر خۆپیشاندانێک بۆ مەحکووم کردنی لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئێران بەڕێوە چوو کە لەلایەن ئەنجومەنی زێد و کەمپەینی نابۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیان لە پارکی شانەدەری هەولێر رێکخرابوو، کە دوابەدوای خۆپیشاندانەکە ژومارەیەک لە خۆپیشاندەران بە بێ ئاگاداریی بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکە چوونە بەردەم کونسولگەریی ئێران لە هەولێر و کونسولخانەی ئەو وڵاتەیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە لە سێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد لەئێران، بەردباران کرد.

دواتر پۆلیسی هەولێر، حەوت کەسی لە بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینەی دەستبەسەر کرد و هەتا ئیستاش لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە وتەی بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی زێد و کەمپەینی نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیان، ئەو حەوت کەسە ئاگاداری بەردباران کردنی کونسولخانەی ئێران نەبوون.

\"مستەفا شێخە، عەلی ئیسماعیل نژاد وەکوو بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی \"زێد\" و هەروەها چیا مەلاک، پێشەوا عەلی‌پوور و رامان پیرۆتی وەکوو بەڕێوەبەرانی \"کەمپەینی نا بۆ سێدارە بەڵێ بۆ ژیان\" و هەروەها دوو چالاکی سیاسیی بەناوەکانی فئامانج سەڵواتی و محەممەد فەرهادزادە\" ئەو حەوت کەسە بوون کە لەلایەن پۆلیسی شاری هەولێرەوە دەستبەسەر کراون.