هەولێر؛ ژنێکی سەردەشتی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا

18:31 - 13 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەک بە ناوی "ژیلا زارعی" تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی شاری سەردەشت، بە لێدانی چەقۆ لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی "ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش" لە شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "ژیلا زارعی لە گوندی لوبنانی بە لێدانی چەقۆ لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەرەوەها ئەوەشی خستەڕوو: "تەرمی ئەو هاووڵاتییە دوو ڕۆژ پاش کوژرانی بەبێ بەڕێوەبەردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەی لە شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانی، ئەسپەردەی خاک کرابوو".

ئیسماعیل عەبەدوڵڵامەنش پاش کوژرانی ژنەکەی هەڵاتووە و هەتا ئێستا پۆلیسی هەوڵێر لەو پەیوەندییەدا، هیچ لێدوان و ڕاگەیەندراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە.

هەتا ئێستا لەمەڕ پاڵنەری کوژرانی ژیلا زارعی لەلایەن مێردەکەیەوە زانیارییەکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە، بەڵام هێندێک سەرەچاوە لە وتووژێژ لەگەڵ کوردپا ڕایانگەیاندووە کە "ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش بە گومانی پەیوەندیی ژنەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکە، ژنەکەی کوشتووە."

ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش لە ساڵی ١٣٩٩دا، کەسێکی دیکەی بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ ژنەکەی کوشتبوو و هەروەها ژنەکەیشی بە چەقۆ بریندار کردبوو".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ژیلا زارعی پاش ئەو ڕووداوە لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە و بە کاری مۆدێلینگ خەریک بووە.