هەورەتریشقە و لافاو لەكوردستان ٧ قوربانیی لێكەوتەوە+شوناس

19:43 - 25 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی بەركەوتنی هەروەتریشقە لەئاواییەكانی باشووری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، سێ‌ هاووڵاتیی كورد گیانیان لەدەست داوە و سێ‌ دیكەش بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئێوارەیی رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ٢٣‌ی بانەمەڕ لە چەند رووداوی سروشتیدا، سێ‌ وەرزێڕی كورد بە هۆی هەورەتریشقەوە گیانیان لەدست داوە.

لەئاوایی \"دێی مەلا\"‌ی سە ربە ناوچەی چۆمی مەجیدخان لە ئەنجامی بارینی باران و روودانی هەورەتریشقە هاووڵاتییەكی كورد بەناوی سوارە سوڵتانی تەمەن ٦٥ ساڵ و دانیشتووی شاری مەهاباد، گیانی لەدەست داوە.

هەر لەو رووداوەدا و لەو ئاواییە كەسێكی دیكە بەناوی وەسیم سوڵتانی تەمەن ٤٥ ساڵ كوڕی ئەبووبەكر (برازای سوارە) بە توندی بریندار بووە.

لەلایەكی دیكەوە لەیەكێك لەئاواییەكانی شاری بۆكان بەناوی \" عەباس ئاوا\" هەورەتریشقە گیانی دوو ژنی تەمەن ٢٤ ساڵ و ٢٥ ساڵەی ئەستاندووە.

هەواڵنێری كوردپا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی نیشتمان پاشازادە كچی كەریم و چنوور شەریف پوور هاوسەری سلێمان پاشازادە راگەیاندووە.

چنوور شەریفزادە دووگیان و لەكاتی وەرزێڕی و كاركردن لەسەر مووچە و مەزرا تووشی ئەو رووداوە بووە.

هەورەتریشقە لە نەغەدەش دوو كەسی خەڵكی ئاوایی \"گردە قیت\"‌ی كردە قوربانیی.

ئەو دوو وەرزیڕە تەمەن ٤٥ و ٥٧ ساڵەیە بە هۆی بەركەوتنی هەورەتریشقەوە لەشوێنی خۆیانەوە فرێ‌ دراونەتە شوێنێكی دیكە و بەتوندی بریندار بوون.

لە شارستانی ماكۆش هاووڵاتییەكی كورد بە هۆی هەستانی لافاوەوە گیانی لەدەست داوە.

هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باو و بۆران لە رۆژئاوای ئێرانەوە بۆ ئازەربایجانی رۆژئاوا كە رۆژی دووشەممە ئەو ئوستانەی لەخۆ گرت، بووە هۆی درووست بوونی باران و لافاو.

فرەیی و جۆری كەش و هەوای ناوچەیی لە ماكۆوە هەتا دەهلۆران بۆتە هۆی ئەوەی كە كوردستان بكەوێتەو ژێر چەتری رووداوە سروشتییەكانەوە.

ئێران لەنێو وڵاتانی جیهان بۆ رووداوە سروشتیەكان بەدەیەمین وڵات دێتە ئەژمار و لە ٤٠ رووداوی سروشتی لەجیهاندا، سی حاڵەتی لەئێران روو دەدەات.