هەواڵی تەكمیلی لە رووداوی هاتووچۆی نزیك شاری بانە

16:12 - 12 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر لەئەنجامی رووداوێكی هاتووچۆ لە نزیك شاری بانە زیاتر لە ٢٠ كەس قوربانی لێكەوتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٠ خاكەلێوە لەنزیك گوندەكانی سەبەدلوو و برۆژە كۆنە كامیونێكی ماك لەگەڵ شەش دەزگا سەواری پێكیان دادا و لە ئەنجامدا ٦ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
سێ‌كەس لە كوژراوەكان لە بنەماڵەی رەحمانی و خەڵکی ئاوایی\"سنجی\" شاری بانە بوون كە یەكێكیان بە ناوی رەحمان رەحمانی مامۆستای زانكۆی پەیام نووری شاری بانە بوو.
ئەو سێ‌هاووڵاتییە كە باوك وكوڕ بوون لە ناو ماشێنەكەی خۆیاندا بوونە ئامانجی ئەو رووداوە دڵتەزێنە.

هەر لەو پێوەندییەدا هێندێ‌سەرچاوەی ناوچەیی بڵاویان كردۆتەوە، ژمارەی كوژراوەكانی رووداوی هاتووچۆی شاری بانە ١٣ كەسن و نزیك بە ١٨ كەس برینداریشیان راگەیاندووە.

بەپێی دوایین زانیارییەكان ٦ كەس لە بریندارەكان رەوانەی نەخۆشخانەی شاری تەورێز كراون.