هەواڵی بانگهێشت‌کرانی چالاکێکی سیاسیی کورد بۆ ئیتلاعات، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە رەت کرایەوە

16:19 - 26 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا چەند سەرچاوەیەک هەواڵی بانگهێشت کرانی چالاکێکی سیاسیی کوردیان بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران بڵاو کردەوە، کە بنەماڵەکەی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا ئەو هەواڵە رەت دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند سەرچاوەیەکی مافی مرۆڤی لە رێکەوتی ٢١ی خاکەلیوەی ئەمساڵدا هەواڵی بانگهێشت کرانی رەزا شەریفی بۆکانی بۆ ستادتی خەبەریی تاران و هەڕەشە کردن لە ناوبراویان لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵاتدا بڵاو کردەوە.

\"25992.jpg\"
حەمیدە کاکەپوور: لەماوەی دوومانگی رابردوودا رەزا شەریفی بۆکانی پەیوەندیی لەگەڵ هیچکام لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکانی دەرەوەی وڵاتدا نەبووە
حەمیدە کاکەپوور هاوسەری رەزا شەریفی بۆکانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی بانگهێشت کرانی رەزا شەریفی بۆکانی بۆ ستادی خەبەریی تاران، رایگەیاند: ئەو هەواڵە دوورە لەراستی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا رەزا بانگهێشتی هیچکام لە ناوەندە ئەمنییەکان نەکراوە.

دەشڵێت: لەماوەی دوومانگی رابردوودا هاوسەرەکەی پەیوەندیی لەگەڵ هیچکام لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و میدیاکانی دەرەوەی وڵاتدا نەبووە.

رەزا شەریفی بۆکانی، چالاکی مافی مرۆڤی کورد، رێکەوتی ٢٩ی رێبەندانی ساڵی رابردوو لەلایەن لقی ٢٨ی دادگەی ئینقلابی تارانەوە دادگەیی کراو سێ بەڵێننامەی نووسراوەی لێ وەرگیرا.

ئەو چالاکە کوردە، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زیندانی رەجایی شاری کەرج، بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، زیندانیی سیاسی بووە.