هەوارنشینە کوردەکان چوونە گەرمێنیان لێ قەدەغە کرا

14:47 - 23 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی بڕیارێکی نەشیاو لە ئوستانەکانی ئیلام و خوزستان، دارایی ئاژەڵدارانی ئوستانی کرماشان بەرەوڕووی مەترسیی لەناوچوون بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە ئاژەڵدارانی خەڵکی ئوستانی کرماشان لە بەردەم ئوستانداریدا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

شۆرای تەئمینی ئوستانی خوزستان، رێگریی لە چوونی هەوارنشینانی کورد بەورەو ناوچەی گەرمێنی خوزستان کرد.

ئەو ئاژەڵدارانە بەهۆی ئەوەیکە لە هاوینی ئەمساڵیشدا لەمەڕ قەدەغە کرانی لەوەڕگەکانی ناوچەی ئیلام و خوزستان لە ئاژەڵداران، بە کۆمەڵ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

یەکێک لە هەوارنشینەکانی ئوستانی کرماشان وێڕای هۆشداری دان لەمەڕ ساردبوونی هەوا و ئەگەری لەناوچوونی مەڕ و ماڵاتەکەیان، بە هەوالدەریی \"مهر\"ی راگەیاندووە؛ دابەزینی پلەی گەرمیی هەوا و مانەوەمان لە کوێستانەکان بووەتە هۆی ئەوەی لەوەڕی ئاژەڵەکانمان تەواو ببێت.

ئەو ئاژەڵدارانە لەبەردەم ئوستانداریی کرماشان و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسی گشتیی ئەمنییەتی و ئینتزامیی ئەو ئوستانەدا خوازیاری پێڕاگەیشتنی بەرپرسانی پەیوەندیدار بەو کێشەو گرفتانەدا بوون، کە بەرپرسانی ئوستانی لە خوزستان بۆیان دروست کردوون.

رێگریی شۆرای تەئمینی ئوستانی خوزستان لەمەڕ رێگری کردن لە چوونی ئاژەڵداران لە کاتێکدایە، کە هەوارنشینەکانی ئوستانی خوزستان لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا روو دەکەنە کرماشان.

هەر لەو پەیوندییەدا، کۆڕی نوێنەرانی ئوستانی کرماشان نامەیەکیان بۆ وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ئیسلامی ناردووەو خوازیاری پێڕاگەیشتن بەو مەسەلەیە بوون، کە بە گوتەی محەمەد ئیبراهیمی موحیبی، هەتا ئێستا نوێنەرانی سونقوڕ و کولیایی \"وڵامێکی روونبیان پێ نەدراوەتەوە\".

موحیبی لە ناوەڕاست مانگی هاوین لە لیدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی \"مهر\"، وێڕای رەخنەی لە بڕیاری بەرپرسانی ئوستانی خوزستان، رایگەیاندبوو: \"بەداخەوە هەوارنشینەکانی ئوستانی خوزستان هەتا ئێستا هەڵسوکەوتێکی شیاو و دروستیان لەگەڵ هەوارنشینەکانی کرماشاندا نەبووەو بە هێنانە گۆرێی عەجەم و عەرەب بوون، کێشەکەیان قووڵتر کردۆتەوە.

کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ دوو ئوستانی خوزستان و ئیلام لە هەڵوێستێکی هاوبەشدا لەوەڕگەکانیان بۆ خۆیان قۆڕغ کردووەو ئیزن بە ئاژەڵدارانی دیکە نادەن کە کەڵک لە لەوەڕگەکانیان وەربگرن.

ئەم هەڵوێستە لەگەڵ دژکردەوەی توندی لێپرسراوانی توندی کرماشانی بەرەوڕوو ببوویەوەو ئەم بڕیارەشیان بە \"بڕیاری لەناوبردنی ئاژەڵداران\" لەقەڵەم دابوو.