هەنگی سنووری بە کوشتنی هاووڵاتییەکی کورد تاوانبار کرا

17:52 - 26 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد لە شاری ورمێ لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەس یان کەسانێکی نەناسراو، ڕۆژی چوار شەممە ٢٤ ی خەرمانان لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵە بەناوی کاوەیس ڕەزبان کوڕی لەتیف، دەکوژن.

ئەو هاووڵاتییە کوژراوە خەڵکی گوندی\"ڕەزگە\"ی سەر بە بەشی سیلوانەی شاری ورمێیە.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند؛ کاوەیس ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە نزیک گوندەکە کوژراوە و شوێنی چەند گوللە بە جەستەیەوە دیارە.

ناوبراو لە درێژەدا گوتی؛ لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەو بارەوە بێ‌ئاکام بووە و کاوەیس لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ وماڵات لە نزیکی گوندەکەی خۆیان کراوتە ئامانج و تەقەی لێکراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە، هیچ کەسێک لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراوە، بەڵام نزیکانی ئەو کوژراوە، گومانیان لە هێزە چەکدارەکانی حکوومەت هەیە کە چەند ڕۆژێکە لە ناوچەی مەرگەوەڕ خەریکی جموجۆڵی نیزامی بوون.

لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش هێزەکانی هەنگی سنووری، بە دەستبەسەر کردنی کۆڵبەرێکی کورد، دەستیان کردووە بە ئازار و ئەشکنجە دانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، کە ئەم ڕووداوە لەگەڵ دژکردەوەی وتەبێژی ناجا و ڕەوانەکردنی تیمێکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو ناوچەیە ڕووبەڕوو بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابڕدوودا، ناوەندەکانی ئەمنیەتی و نیزامی لە پاڕێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان، لە شاری ورمێ کۆبوونەوە و باسیان لە \"پەرەپێدانی سەقامگیریی ناوچەکەیان\" کردبوو.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، پێشمەڕگەکانی کوردستان لەگەڵ سپای پاسداران لە کوردستان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون هاتبوون.

حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون، باس لە دەست‌پێکردنی \"ڕاسانێکی \"نوێی سیاسی_نیزامی، دژی حکوومەتی ناوەندیی ئێران دەکەن.