هەشت دەرهێنەری فیلمی \"ژیان لە سنوور\" نەگەیشتنە فێستیڤاڵی بێڕلین

14:19 - 19 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: هەشت دەرهێنەری فیلمی \"ژیان لە سنوور\"، ناتوانن بەشداریی لە فیستیڤاڵی بێڕلین‏دا بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمی دێکۆمێنتاریی \"ژیان لە سنوور\"، لە دەرهێنانی هەشت منداڵ لە شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرهەمهێنانی بەهمەن قوبادی، ڕۆژی ١٨ی فێڤرییەی ٢٠١٦، لە بەشی\"نمایشی تایبەتی مافووری سوور\"، لە شەست و شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بێڕلین لە وڵاتی ئاڵمان، دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان و کونفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی نێودەوڵەتی، سەبارەت بەم فیلمە لە لایەن فێستیڤاڵی بێڕلینەوە ڕێکدەخرێت.

بەم بۆنەوە ئەم هەشت منداڵە دەرهێنەرە بانگهێشت کراون تا ئامادەبن بۆ نمایشی فیلمەکەیان لە فێستیڤاڵەکەدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاسپۆرتەوە ناتوانن بەشداریی فێستیڤاڵەکە بکەن.

ئەم فیلمە وێنا کردنی ژیان و بارودۆخی منداڵانە لە چاوی خۆیانەوە، بۆیە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە هونەرییەکان و هەروەها کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیهان، پێشتیوانیی لێ‏دەکرێت.

ئەو بەرهەمە سینەماییە، لە ٨ بەش پێکهاتووە و ٨ منداڵی ئاوارەبووی شەڕی کۆبانی و شنگال، تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن و باس لە چیرۆکی هێرشی چەکدارانی داعش و چۆنیەتیی نیشتەجێ بوونیان لە کەمپەکان دەکەن.

دەوترێت کە بەهمەن قوبادی ماوەی دوو مانگ ڕاهێنانی کاری سینەمایی بەو ٨ منداڵە کردووە .

ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە، بە گشتی لە هەشت بڕگە پێکدێت کە ماوەکەی زیاتر لە ٧٠ خولەکە.

خۆشەویستیی شنگال، گەڕان بە دوای حەقیقەتدا، نان و ماست، فیلمی ئێمە باشترە، چاوەکانی باوکم، ئاسمان و دەرمان، لە ڕەوتی نیشتماندا و گەڕان لەکوێستانەکان، ناوی ئەو ٨ بەشەی فیلمی\" ژیان لەسنوور\"ـه.