هەزار گوندی کرماشان دێهیاریان نیە

15:51 - 14 رێبەندان 2715
کوردپا: بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری کاروباری پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند کە؛ یەک هەزار گوندی ئەو پاریزگایە دێهیاریان نیە و بەرپرسانی حکوومەتیش هیچ ئاوڕێک لەو کێشەیە نادەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن بەڕێوەبەری گشتیی دەفتەری کاروباری پارێزگاری کرماشان بڵاو بووەتەوە، یەک هەزار گوندی ئەو پارێزگایە لە بوونی دێهیار بێ‏بەشن.

ئەو بەرپرسەی حکوومەت لە درێژەدا ڕایگەیاند کە؛ هەزار گوند لەو پارێزگایە هەن کە دێهیاریان نییە و ئەوەش کێشەی بۆ دانیشتوانی ئەو گوندانە دروست کردووە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەو بارەیەوە بڵاوی کردوە کە؛ بەشێکی هەرەزۆری گوندەکانی ئەو پارێزگایە ئەو ساڵ کاری خزمەتگوزاریی وەک سەنگفەڕش، دروستکردنی پارک و فەزای سەوز و خزمەتگوزاریی دیکەیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

گوندەکانی پارێزگای کرماشان لەگەڵ کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری بەرەوڕوو بوونەتەوە و چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیە لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بنکە پێوەندیدارەکانەوە، دەبێتە هۆکاری کۆچ کردنی خەڵک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان و کۆمەڵێک کێشەی بەدواوە هەیە.

کوردستانی ئێران بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی شیاوی بەرپرسانی حکوومەت، ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و گرفتە و ئەوەش وای کردووە کە ژیانی خەڵک و هاووڵاتییان دژوار بێت.