٤ هەزار پۆلی خوێندن لە ئازەربایجانی رۆژئاوا دەبێ بڕووخێن

14:04 - 26 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، نە تەنیا لە بوونی ئامێری گەرمکردنەوەی ستاندارد بێبەرین، بەڵکوو بەشێکی بەرچاو لە بینای قوتابخانەکانیش بەهۆی ناستاندارد بوونیانەوە هەرەشە لە گیانی قوتابیان دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆی ٢٠ هەزار پۆلی خوێندن لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، نزیک بە ٦ هەزار پۆلی خوێندنی ئەو ئوستانە پێویستیان \"مقاوم سازی\" هەیە و زیاتر لە ٤ هەزار پۆلی خویندنیش هیچ ستانداردێکیان تێدا نییە.

فەریبۆرز ئیسماعیل‌زادە، بەرپرسی گشتیی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاندووە، هەنووکە ٤ هەزار و ١١ پۆلی خوێندن لەم ئوستانەدا دەبێ بڕووخین و لە بناغەوە دروست بکرێنەوە.

بوونی ئەو رێژەیە لە قوتابخانەی \"تخریبی\" لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە کاتێکدایە، کە ئەمساڵ تەنیا ٧ قوتابخانە لەو ئوستانەدا دروست کراون، کە بە گوتەی ئیسماعیل‌زادە، بۆ درێژەدان بە رەوتی تێکدان و دروست کردنەوەی قوتابخانەکە خراپ بووەکان ٢٥٠ ملیارد تمەن بودجە پێویستە.

پێویستیی ئەو بڕە بودجەیە بۆ تێکدان و دروست کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە کاتێکدایە، کە بودجەی نوێژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی وڵاتی ئێران بۆ ئەمساڵی خوێندن لە ١ هەزار و ١٧٠ میلیارد تمەنەوە بۆ ٩٨٠ میلیارد تمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیەوە.

هەروەها ٩ هەزارپۆلی خوێندن لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا لە ئەمساڵی خوێندندا کەڵک لە سۆبەی نەوتی وەردەگرن، کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٦٠٠ پۆل لە گوندەکانی ئەو ئوستانەدا سۆبەی نەوتی بەکار دێنن.

ماوەیەک پێش ئێستا، فەریبورز ئیسماعیل‌نەژاد ئەو ئوستانەی لە ریزبەندیی ستانداردسازیی ئوستانەکداندا، وەکوو دوایین ئوستان بۆ ستانداردرسازی لەقەڵەم دابوو، کە بە گوتەی ناوبراو، قوتابخانەی گوندەکان بەهۆی ناستانداردییەوە بەرەوڕووی زۆرترین مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و گڕ گرتنی سۆبەی نەوتی و تێکڕووخان دەبنەوە.