٣٧هەزار دەرچووی زانکۆ لە پارێزگای ورمێ بێکاران

14:57 - 22 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: پارێزگای ورمێ بە بوونی ١١٥ هەزار بێکار کە هەڵگری پێناسی کارن بە یەکێک لە پارێزگا بەرچاوەکانی ئێران لەبواری ڕێژەی بێکاری بە هەژمار دێت.


بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری، کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای ورمێ، باسی لە بوونی ١١٥ هەزار کرێکاری بێکار کرد کە هەڵگری پێناسی کارن.

هەواڵدەریی موکریان لە زاری \"ڕەزا تەقی‌زادە\"ەوە سەبارەت بە نرخی بێکاری لەو پارێزگایە بڵاوی کردەوە کە؛ لە حاڵی حازردا ١١٥ هەزار کەس بێکار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە کە لەو ژمارەیە ٣٧ هەزار کەسیان دەرچووی زانکۆن و خوێندنی باڵایان تەواو کردووە.

بێکاری لە نێو \"خوێندەواران\" و ئەو کەسانەی کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە لە پارێزگای ورمێ بووەتە دیاردەیەک کە چەندین جار لەلایەن بەڕێوەبەرانی باڵای ئەو پارێزگایەوە باسی لێوە کراوە.

بەپێی پێوەر و ستانداردەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بێکار بە کەسیک دەگوترێت، کە سێ حەفتە بەر لەوەی ئاماری بێکاران بگیرێت و حەفتەیەکیش پاش ئامارگرتنەکە، بە شوین کاردا گەڕابێت. هەروەها بەپێی ستانداردەکانی حکوومەتی ئیسلامی، ئەگەر هەر کەسێک لە حەفتەیەکدا تەنیا ١ کاتژمێر کار بکات، وەکوو بێکار پێناسەی بۆ ناکرێت. ئەم پێوەر و پێناسەیەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ پێوانە و پێوەرە جیهانییەکانی تایبەت بە کارکردن لە دژایەتیدایە.

بەگوتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی، بێکاری، هەژاری و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان سێ کوچکەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان پێکدێنن، کە ئەم دیاردەیە تێکرای کۆمەڵگە بەرەوڕووی کێشەی جیدی دەکاتەوە.