هەرەسی ڕەنوو و تەقەی ڕاستەوخۆ، ‌کوژران و برینداربوونی ٨ کۆڵبەری لێ کەوتەوە

17:13 - 3 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هەرەسی ڕەنوو لە شاری خۆی و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە شاری سەردەشت، کوژران و برینداربوونی ٨ کۆڵبەری بە دوواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ١ی خاکەلێوە، ٤ کۆڵبەر بە هۆی هەرەسی ڕەنوو لە ناوچەی \"قوتوور\" سەر بە شاری خۆی گیانیان لە دەست دا.

لەو ڕووداوەدا، یەکێک لە کۆڵبەران بە خەستی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی کۆڵبەرانی گیان لەدەستداوی بە ناوەکانی \"بێهروز عیسازادە\"، \"قوتبەدین ئەحمەدی\"، \"حەسەن سەعیدی\" و \"مستەفا حافز\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: یەکێک لە کۆڵبەرە گیان لە دەستداوەکان خەڵکی گوندی \"گێواران\" و سێ کەسەکەی دیکە خەڵکی گوندی \"ترس ئاوا\" سەر بە ناوچەی قوتوورن.

بەرپرسانی حکوومەتی بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەو هاوڵاتییانە کۆڵبەر نەبوون، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان ئیديعای بەرپرسانی حکوومەتیان ڕەت کردووەتەوە.

هەوڵەکان بو دۆزینەوەی تەرمی ئەو چوار کۆڵبەرە گیان لەدەستداوە لە لایەن ‌خەڵکەوە دەستی پێ کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان، سێ کۆڵبەر لە گوندی \"بێوران\"ی شاری سەردەشت بریندار بوون.

شوناسی ئەو کۆڵبەرانە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبۆتەوە.

کۆڵبەرانی بریندار، بە یارمەتيی خەڵک بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانيی شاری سەردەشت کراون.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی، ١٥٤ کۆڵبەر لە کوردستان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان، بەربوونەوە لە بەرزایی، تەقینەوەی مین، جەڵتەی دڵ، کوژراو و بریندار بوون.

تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوژرانی ئەوان لە حاڵێکدایە کە زۆربەی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی هەلی کار و بێکاری لە ناوچەکانی کوردستان، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن و لەگەڵ مەترسيی گیان لەدەستدان بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەپێی مادەی ٣ی ياسای بەکاربردنی چەک، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تەنیا لە کاتێکدا دەتوانن کەڵک لە چەک وەربگرن کە گیانیان لە مەترسیدا بێت.

کارناسان و مافناسان لەو باوەرەدان کە بە پشتبەستن بە خودی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقە لە کۆڵبەرانی کورد، بە پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکان هەژمار دەكرێت.