هەرێمی کوردستان/ برق گرتوویی گیانی کرێکارێکی سنەیی ستاند

16:50 - 22 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سنە، کە بە مەبەستی دابینکردنی بژیویی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، بەهۆی برق گرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکی گوندی (هەنەڕ)ی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەناوی یادگار دەروێشی لە کاتی کار کردندا لە شاری هەولێر تووشی برق گرتوویی بووەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

تەرمی ئەو لاوە کوردە رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ تووشی ئەو رووداوە بووە رۆژی رابردووش لە خاڵی سنووریی باشماخەوە رەوانەی شاری سنە کراوەتەوە.

بەهۆی بێکاری و گرانیی لەرداەبەدەر لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشێنەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بۆ کار کردن و دابین کردنی بژیویی ژیانی رۆژانە، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمسالەوە لە رێکەوتی ١ی خاکەلێوە هەتا ٢٠ی پووشپەڕ ٧ کرێکاری کوردی خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران، لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارە، ٥ کرێکار لە کاتی کار کردندا و کرێکارێکش لە کاتی مەلە کردن لە بەنداوی دووکان و بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لدەست داوە.

هەروەها بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا سەرجەم ١٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئێران کە بۆ کڕیکاری روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو، لە ئەنجامی رووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارانە رێژەیین و ئاماری گیان لەدەستدانی ئەو کرێکارابنە بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو بوونەتەوە تۆمار کراون، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینەی قوربانی بوونی کرێکارانی کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لەو رێژەیەش زیاتر بێت.