هێمن مام قادری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:52 - 17 سەرماوەز 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی سەرماوەز، هێمن مام قادری، زیندانیی سیاسیی پێشوو، خەڵکی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ورمێ، ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ، هێمن مام قادری لە دەرەوەی ماڵەکەی و لە کاتی هەڵاتن لە دەست هێزە ئەمنییەتییەکان، لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەی لێ کراوە و بریندار بووە.

هێمن مام قادری پاش بریندارکردنی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، کرابوو.

 هێزە ئەمنییەتییەکان بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرابوو.

هەتا ئێستا، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی هێمن مام قادری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لە دۆسییەیەکی دیکەدا، ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٦، ئەو زیندانییە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شاری بانە ڕاگوێزرابوو و دواتر بۆ دادگاییکردنەکەی ڕەوانە زیندانی سەقز کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو هاووڵاتییە بۆکانییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو کە ئەو زیندانییە سیاسییە لە تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی "دژایەتی لەگەڵ خوا" (محاربە) بێتاوان دەرچووبوو.

ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، هێمن مام قادری پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی نوێی هێزی دادوەری لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.