هێمن ئامان بەهۆی ئەشکەنجە لە گرتنگە گیانی لەدەست دا

12:49 - 6 سەرماوەز 2722

هێمن ئامان تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی عەبدولناسر خەڵکی گوندی "قورمێش" دانیشتووی گەڕەکی "مەجبوورئاوا"ی شاری بۆکان، لە گرتنگە و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێمن ئامان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری بۆکان، بەهۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بووە؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزە سەرکوتکەرەکەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە و لەگەڵ ئازار و لێدان، دەسبەسەریان کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە سەرکوتکەرەکان پاش دەسبەسەرکردنی هێمن ئامان، ناوبراویان بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بۆکان ڕاگواستووە و سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، ئەو هاووڵاتییەیان بە شوکێری بەرقی ئەشکەنجە کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، هێمن ئامانیان ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردووە و لەوێ لەلایەن هێزە سەرکەوتکەرەکانەوە، دەست و لاق و سەری شکێندراو و هیچ شوێنێکی بە ساغی نەماوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، دەڵێت: پاش گیانلەدەستدانی هێمن ئامان لە گرتنگە، هێزە سەرکوتکەرەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢ی سەرماوەز، لەگەڵ باوکی پەیوەندی دەگرن کە بۆ وەرگرتنی تەرمی کوڕەکەی، سەردانی گرتنگە لە ورمێ، بکات.

ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی هێمن ئامان، لە ژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتی بەڕێوەچووە و هێزە سەرکوتکەرەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کردووە کە لە وتووێژکردنی لەگەڵ میدیاکان سەبارەت بە گیانیلەدەستدانی کوڕەکەیان، خۆیان ببوێرن.