هێزە ئەمنیەتییەکان کۆنسێرتی شەوانی موسیقای فولکلۆریان هەڵوەشاندەوە

14:36 - 22 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی لە شاری بۆکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی شەوانی مۆسیقای فولکلۆر لە شاری بۆکان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆنسێرتی شەوانی مۆسیقای فولکلۆر لە شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە پێشی پێگیرا و بەڕێوەنەچوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو کۆنسێرتە بریار بوو لە شەوانی ٢١ و ٢٢ گەلاوێژ لە هۆڵی سیمۆرغی ئەو شارە بەڕێوەبچێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە گرت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنیەتییەکان بە بیانووی\"ئەمنیەتی\" و کۆنتڕۆڵ نەکردنی بەشداران لە هۆڵی سیمۆرغی ئەو شارە ئەو کۆنسێترەیان هەڵوەشانووتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنسێرتە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری بۆکان بانگهێشتی بنکەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە لە شاری بۆکان کراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە نابێت ئەو کۆنسێرتە بەڕێوەبچێت.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ئاماژە بەوە دەکات کە لەو پەیوەندییەدا بلیتێکی زۆر فرۆشراوە و نزیکەی ٢٠ کەس لە هونەرمەندانی فولکلۆر و شاعێرانی وەک مامۆستا ئاسۆ و محەممەد ئەمین گەردیگلانی و گرووپی هەڵپەڕکێی نیشتمان وەک گرووپی مۆسیقا ئامادی ئەو کۆنسێرتە بوون.