هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردە سەر ژووری دوو زیندانیی کورد

14:39 - 9 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: ژووری دوو ژنی زیندانیی کورد لە شاری کرمان لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە پشکێنرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٨ی سەرماوەز، چەند کەسێکی ئیتلاعاتی لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمان، هێرشیان کردە سەر ژووری هاوبەشی دوو ژنە زیندانیی کورد بە ناوەکانی ئەفسانە بایەزیدی و هاجەر پیری و هێندێک کەرەستە و کەلوپەلی کەسۆکیی ناوبراوانیان لەگەڵ خۆیان برد.

لە کاتی هێرشی هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعات بۆ ژووری ئەو دوو چالاکە سیاسییە کوردە، مەئموورەکان بێڕێزی و سووکایەتیی زۆریان بە دوو زیندانییە کردووە.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە نێو زیندانی ناوەندیی کرمانەوە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی هێرشی هێزەکانی ئەمنیەتی بۆسەر شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو زیندانییە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ژووری ئەفسانە و هاجر بە تەواوەتی پشکێنراوە و هیندێک کتێب و هەروەها دەفتەری بیرەوەریی ئەفسانە بایەزیدییان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو؛ هاجەر پیری بە هۆی گوتنی دروشمی \"مەرگ بۆ دیکتاتۆر\"، مەئموورانی زیندانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و هەتا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ ژوورەکەی خۆی.

ئەو دوو ژنە سیاسییە کوردە لەگەڵ بەندکراوەکانی دیکە و زیندانیانێک کە بە تاوانی مادەی سڕکەر زیندانی کراون، لەیەک بەنددا ڕاگیراون.

لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، ئەفسانە بایەزیدی کە بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، لە نامەیەکدا باسی لە\" دەرد و ڕەنج و ئازار و نەهامەتییەکانی\" خۆی لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمان کردبوو.

هاجەر پیری تەمەن ٣٣ ساڵە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١٧ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاویەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری کرمان بەند کراوە و هەتا ئێستا تەنانەت یەک ڕۆژ مەرەخەسییان پێ نەداوە.

ئەو دوو ژنە زیندانییە کوردە؛ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کراون.