هێزە ئەمنیەتییەکان لە شارەکانی ورمێ و بۆکان ٥ کەسیان دەستبەسەر کرد

22:29 - 1 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: دەستبەسەر کردنی بە کۆمەڵی هاووڵاتیەکان، پاش ئارامیەکی چەند ڕۆژە، سەرلە نوێ دەستی پێ‌کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتایی حەوتووی ڕابردوو، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری ورمێ، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەیان دەستبەسەر کرد.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە، حەکیم شوجاعی کوڕی سدیق، خەڵکی گوندی\"گەندوێلە\"ی شاری شنۆ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی نێردراو، لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە نەیانتوانیوە چاویان بە کوڕەکەیان لە ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بکەوێت.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، حەکیم شوجاعی تەلەبەی خوێندنگەی ئایینی سەلاحدین ئەیوبی شاری ورمێیە.

سەرەتای مانگی ڕابردوو، نزیکەی ١٩ تەلەبەی ئاینیی شاری پیرانشار دەستبەسەر کراوە.

لەلایەکی دیکە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ٢٩ی گەلاوێژ، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنیەتییەکان لەو ڕۆژەدا بە هێرش کردنەسەر مزگەوتی ئیمام غەزاڵی، هەوڵی دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییانەیان داوە کە خەریکی خوێندنی نویژی هەینی بوون.

شوناسی ئەو هاووڵاتییانەی کە مەئموورانی ئەمنیەتی دەستبەسەری کردبوون هەتا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ئاژانسی کوردپا، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بیانووی \"هەڵسووکەت لەگەڵ گرووپی سەلەفییەکان\" هەوڵی دەستبەسەرکردنی \"نایاسایی\" هاووڵاتییانی کورد دەدەن.

لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بانگهێشت و دەستبەسەر کردنەکان لە کوردستان ڕەوتێکی خاوتری بەخۆوەگرتبوو، بەڵام پاش ڕووداوی شاری کرماشان و ئیدعای ناوەندە ئەمنیەتییەکان سەبارەت بە\" دزەکردنی گرووپە توندڕەوەکان بۆ نێو کوردستان\" ئەمجارە دەستبەسەر کردنەکان لە ژێر ناوی\"پێشگیری لە کەسانی سەلەفی\" دەستی پێکردووە.

لە ماوەی هاوینی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر و لە چارەنووسی هێندێک لە گیراوەکان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

بەپێی ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کورد، زیاتر لە ٣٩٠ زیندانی سیاسیی کورد لە ئێران، لە زیندان دان، کە زۆربەی ئەوانە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە تاوانی \"موحاربە\" تۆمەتبار کراون.