هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری کامیاران سێ هاووڵاتییان دەستبەسەر کرد

14:27 - 18 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خەرمانان، هێزە ئەمنیەتییەکان سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامیارانیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران، شوناسی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەی بەم چەشنە ڕاگەیاند:

١-ئیقباڵ قوبادی کوڕی ئەحمەد

٢-هیوا نەدەیمی کوڕی محەممەد کەریم

٣-کەیوومەرس نەدیمی کوڕی مارف


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری کامیاران هیرشیان کردووتە ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە و دەستبەسەریان کردوون.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا چارەنووسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە و بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لە مەڕ چۆنیەتی دەستبەسەر کردنیان و شوێنی ڕاگرتنیان لە بەردەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی\"ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەت و تەناهی دژی نەتەوەیی\" دەستبەسەر کردووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی گوندەکانی مێسووراو و زیوییە و دانشتیووی شاری کامیاران بوون.

هەر لەو پەیوندییەدا، نزیک ١٠ ڕۆژ پێش هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"شەماڵ عەزیزی\" تەمەن ٢٧ ساڵ دەستبەسەر کرد.