هێزە ئەمنییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان لەناوچەی پاوە دەستبەسەر کرد

13:47 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری \"پاوە\" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە هۆکارێکی ناڕوون دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار ساسان محەممەد ئەمینی خەڵکی گوندی هانە گەرمەڵەی سەربە بەخشی نەوسوود لە شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار راگویزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ساسان محەممەد ئەمینی لە ماڵی خۆیان لە گوندی هانە گەرمەڵە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ناوبراو روون نەبۆتەوە.

دەستبەسەر کرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٣ی بەفرانبار کەسێکی دیکەی خەڵکی گوندی هانە گەرمەڵە لەبەر دەم ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن دوو ئەندامی سپای پاسدارانەوە هێرشی کرایە سەر و بە زەبری چەقۆ بریندار کرا.

دەگوترێت، هەتا ئێستاش هۆکاری هاتنە ئارای ئەم رووداوانە روون نەبۆتەوە و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان و هێرشی ئەندامانی سوپای پاسداران بۆسەر هاووڵاتییانی کورد، ترس و نیگەرانی لای خەڵکی ناوچەی نەسوود دروست کردووە.