هێزە ئەمنییەتی و دژه شۆڕش پێشیان بە بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان گرت

12:34 - 2 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتی، نیزامی و دژه شۆڕش، هێرشیان کردە شوێنی بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی جەژنی نەورۆز لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان و پێشیان بەو ڕێوڕەسمە گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامی و دژه شۆڕش لە گوندی نێ لەگەڵ خەڵک تێکهەڵچوون و تەقەیان لە خەڵکی ئەو گوندە کرد.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو چەند هاووڵاتییەک بەهۆی تەقەی هێزە نیزامی و دژە شۆڕش بریندار بوونه.

پاش بانگەوازی لاوانی گوندی "نێ" بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، هێزە ئەمنییەتی، نیزامی و گاردی دژە شۆڕش، بارودۆخێکی ئەمنییەتیی قورسیان بە سەر ئەو گوندەدا، زاڵ کردووە.

لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، ٦١ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردبوو.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ، هێزەکانی گاردی تایبەت و دژە شۆڕش، هێرشیان کردە سەر ڕێورەسمی نەورۆز لە شەقامەکانی شاری شنۆ و لەگەڵ خەڵک تووشی تێکەڵچوون بوون.

هێزەکانی گاردی تایبەت و دژە شۆڕش، بۆ بڵاوە پێکردنی خەڵک لە گازی فرمێسکڕێژ و گوللـەی تاپڕ کەڵکیان وەرگرتووە.