هێزە ئەمنییەتییەکان لە دێگولان سێ لاوی کوردیان دەسبەسەر کرد

17:03 - 28 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سێ لاوی کورد لە شار دێگولان سەر بە پارێزگای سنە، دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو سێ لاوە کوردەی دانیشتووی شاری دێگولان ئەو سێ لاوەیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە دێگولان، شوناسی ئەم سێ لاوە دەسبەسەر کراوەی بەم شێوە ڕاگەیاند: \"ئازاد نادری\"، یەدوڵڵا شاکری\" و \"سیروان ڕەحیمی\".

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند، لە هۆکاری گیرانی ئەم سێ لاوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بنەماڵەی یەکێک لە گیراوەکان بە هەواڵنێری کوردپای وت: سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووسی منداڵەکانیان نییە.

بە پێی ئامارە تۆمارەکراوەکان لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە یەکەمی ژانویە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئاگۆستی ٢٠١٧، ٢٠٩ هاووڵاتی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون و لەم ڕێژەیە دەیانیان بە شێوەی گرووپی گیراون.